Accessibility links

سه‌ره‌ک وه‌زیری تورکیا داوای وتووێژکردنه‌وه‌ ده‌کات له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لاندا


تورکیا ئاماده‌ی سه‌رله‌نوێ ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی وتووێژه‌کانه‌ له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ری زیندانیکراوی کورددا، وه‌ک هه‌وڵێک بۆ کۆتاییپێهێنانی ده‌یان ساڵه‌ی قه‌یرانی نێوان کوردی تورکیا و حکومه‌تی وڵاته‌که‌ که‌ ده‌یان هه‌زار که‌س له‌و شه‌ڕانه‌دا کوژراون.

ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌ی دره‌نگانێکی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌ره‌ک وه‌زیری تورکیا هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ زۆربوونی توندوتیژیه‌کان له چه‌ند مانگی ڕابردوودا له‌ نێوان هێزه‌ سه‌ربازیه‌کانی حکومه‌تی تورکیا و سه‌رهه‌ڵداوانی پارتی کرێکارانی کوردستان واته‌ په‌که‌که‌ که‌ داوای خودموختاری ده‌کات له‌ باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی تورکیادا.

له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوودا ده‌یان کارمه‌ندی ئاسایشی تورکیا کوژراون و ئه‌ردۆغانیش له‌ هه‌فته‌ی ڕابردوودا گوتوویه‌تی نزیکه‌ی 500 سه‌رهه‌ڵداوی کورد کوژراون و یانیش ده‌ستگیر کراون.


ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌ دیمانه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ده‌نگ و باسی ئه‌نادۆڵیا به‌ که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی 7 ی گوتووه‌ ده‌شێت سه‌رله‌نوێ دانوستاندن بکرێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئیمراڵی واته‌ ئه‌و دوڕگه‌یه‌ی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانی لێ زیندان کراوه‌ بۆ هه‌تا هه‌تایه‌.

هه‌رچۆنێک بێت سه‌ره‌ک وه‌زیری تورکیا دیسانه‌وه‌ داوی چه‌ک دانانی په‌که‌که‌ی کردۆته‌وه‌ و هه‌روه‌هاش کۆتاییهێنان به‌ توندوتیژیه‌کان.

حکومه‌تی تورکیا وتووێژی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌دا ڕه‌تده‌کاته‌وه‌ که‌ به‌ ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناودێر کراوه‌ له‌لایه‌ن تورکیا و وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و یه‌کێتی ئه‌وروپاوه‌، به‌ڵام دان به‌وه‌دا ده‌نێت که‌ کاربه‌ده‌ستانی تورکیا به‌ نهێنی وتووێژیان له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لاندا کردووه‌ و هه‌روه‌هاش له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی تری په‌که‌که‌دا، به‌ڵام وه‌ک کاربه‌ده‌ستانی تورکیا ده‌ڵێن ئه‌و وتووێژانه‌ سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون.

لایه‌نێکی سیاسی کورده‌کانی تورکیا داوای ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی ئه‌م وتووێژانه‌ی کردووه‌ له‌ نێوان ئانکه‌ره‌ و سه‌رهه‌ڵداواندا و ده‌ڵێت ته‌نها چاره‌سه‌ر دیالۆگه‌. ئه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌ی کورده‌کان ده‌خوازێت هه‌ردوو لایان، په‌که‌که‌ و له‌شکری تورکیا کۆتایی به‌ دوژمنکاری نێوانیان بێنن.

سه‌ره‌ک وه‌زیری تورکیا به‌ که‌ناڵی 7ی گوتووه‌ ته‌نها له‌مساڵدا 239 سه‌رهه‌ڵداوی په‌که‌که‌ و 144 که‌س له‌ هێزی ئاسایشی و 29 که‌سی سیڤیڵیش به‌هۆی قه‌یرانی نێوان سه‌رهه‌ڵداوان و حکومه‌تی تورکیاوه‌ کوژراون.

XS
SM
MD
LG