Accessibility links

ڤیدیۆیه‌کی نهێنێ نیشـانی ده‌دات ڕامنی هێرش ده‌کاته‌ سه‌ر لایه‌نگرانی ئۆباما


ڤیدیۆیه‌ک که‌ به‌ نهێنێ گیراوه‌ و له‌ دووشه‌ممه‌وه‌ خراوه‌ته‌ سه‌ر ئنته‌رنێت، نیشـانی ده‌دات کاندیدی کۆماریـیه‌کان مت ڕامنی هێرش ده‌کاته‌ سه‌ر لایه‌نگرانی سه‌رۆک براک ئۆباما و ده‌ڵێت ئه‌وانه‌ خۆیان به‌ قوربانی داده‌نێن و به‌ مافی خۆیانی ده‌زانن حکومه‌تی فیدراڵی یارمه‌تیان بدات.
ڤیدیۆکه‌ یه‌که‌م جار له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕی کۆڤاری Mother Jones بڵاوکرایه‌وه‌ که‌ تیایدا نیشـان ده‌درێت مت ڕامنی له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا وتارێـک پـێشـکه‌ش ده‌کات. کۆڤاره‌که‌ ده‌ڵێت ئه‌وه‌ ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ مانگی پـێـنجدا له‌ شـاری بۆکا ڕاتۆنی سـتانی فلۆریدا به‌سـترا.
ڕامنی له‌ویادا به‌ ئاماده‌بووان ده‌ڵێت " هه‌موو ئه‌و 47% ئه‌مه‌ریکایـیه‌ی ده‌نگ بۆ ئۆباما ده‌ده‌ن باج ناده‌ن، به‌ڵام پـێـیان‌وایه‌ مافی خۆیانه‌ خزمه‌تگوزاری ته‌ندروسـتیان هه‌بێت و خوراکیان بدرێتێ و شوێنی نیشته‌جێبوونیان بۆ دابینبکرێت، ئیتر خۆتان ئه‌وانی تر بڵێن."
پاشـان ده‌ڵێت " ئه‌و هیچ له‌ مه‌راقی ئه‌وانه‌دا نابێت، چونکه‌ هه‌رگیز قایلیان ناکات به‌رپـرسیارێتی خۆیان له‌ ئه‌ستۆ بگرن و گرنگی به‌ ژیانی خۆیان بده‌ن."
له‌ کاردانه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئاشـکراکردنی ئه‌م ڤیدیۆیه‌، خه‌ڵـکێـکی زۆر ڕه‌خنه‌یان له‌و قسانه‌ی ڕامنی گرت، له‌ نێویاندا ژماره‌یه‌ک کۆماریش. هه‌روه‌ها بوو به‌ بابه‌تێـکی باشی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن بۆ دیموکراته‌کان.
ڕامنی له‌ لێـدوانێـکیدا له‌ باره‌ی ڤیدیۆکه‌ گوتی ئه‌وه‌ به‌شێـکی قسه‌کانی بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌موو ڤیدیۆکه‌ بڵاوبکرێته‌وه‌، ئه‌وا ده‌رده‌که‌وێت ئه‌و چۆن ئه‌و قسانه‌ی کردووه‌.
XS
SM
MD
LG