Accessibility links

هاوسه‌ری ڕۆژنامه‌وانه‌ ژاپـۆنیـیه‌که‌ی له‌ سوریادا کوژرا داوای لێـکۆڵینه‌وه‌ له‌ کوشـتنه‌که‌ی ده‌کات


کازووتاکا ساتۆی هاوڕێ و هاوسه‌ری ڕۆژنامه‌وان میکا یامامۆتۆ، ئه‌وه‌ی مانگی ڕابردوو له‌ سوریادا کوژرا، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ داوای له‌ حکومه‌تی سوریا کرد لێـکۆڵینه‌وه‌ له‌ کوشتنی میکا بکات.
ساتۆ پاش ئه‌وه‌ی داواکه‌ی به‌ نامه‌یه‌ک گه‌یانده‌ باڵیۆزخانه‌ی سوریا له‌ تۆکیۆ، بۆ ڕۆژنامه‌وانان دوا و گوتی " ئه‌وان لێـکۆڵینه‌وه‌ ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بزانن ئایا حکومه‌ت یان کۆمه‌ڵێـکی سه‌ر به‌ حکومه‌ت و یاخود کۆمه‌ڵێـکی دیکه‌ میکای کوشـتووه‌." گوتیشی ده‌مانه‌وێت بزانین ئه‌وان به‌چی ده‌گه‌ن و ئێمه‌ش لێـکۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌تی خۆمان ده‌که‌ین.
هه‌روه‌ها گوتی" ده‌مه‌وێت بزانم بۆچی ته‌قه‌ی لێـکرا و کوژرا و کێ ته‌قه‌ی لێـکرد، بۆیه‌ هه‌موو هه‌وڵ و توانای خۆم ته‌رخان ده‌که‌م بۆ زانینی ڕاستیـیه‌که‌."
ساتۆ له‌ نامه‌که‌یدا نووسیویه‌تی " ئه‌گه‌ر وڵاته‌که‌تان ته‌قه‌ له‌ ڕۆژنامه‌وانانێـک ده‌کات که‌ ڕاپـۆرت ده‌ده‌ن به‌ دڵی ئێوه‌ نیـیه‌، ئه‌وه‌ به‌ ڕاسـتی کارێـکی قێزه‌وه‌نه‌ و هه‌ڕه‌شه‌یه‌که‌ بۆ سه‌ر‌ ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری که‌ هه‌رگیز ناکرێت کۆمه‌ڵی نێونه‌ته‌وه‌یی لێی خۆشبـبێت."
جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ له‌ 20 ی مانگی هه‌شت کاتێـک هه‌ردوو ڕۆژنامه‌وانی ژاپـۆنی میکا یامامۆتۆ و کازووتاکا ساتۆ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک له‌ سه‌رهه‌ڵداوانی سوریا بوون له‌ شـاری حه‌له‌ب و ڕووماڵی هه‌واڵه‌کانیان ده‌کرد، له‌ لایه‌ن کۆمه‌ڵێـک چه‌کداره‌وه‌ ته‌قه‌یان لێـکرا و میکا به‌ 9 گولـله‌ پـێکرا که‌ یه‌کێـکیان له‌ ئاسـتی ملیدا به‌ر دڕکه‌ به‌تکی که‌وت. به‌وه‌ش بووه‌ چواره‌مین ڕۆژنامه‌وانی بیانی که‌ له‌ سوریادا بکوژرێت له‌وه‌تای له‌ مانگی سێی 2011 وه‌ ڕاپه‌ڕین له‌وێ ده‌سـتیپـێـکردووه‌.
XS
SM
MD
LG