Accessibility links

په‌نابه‌رانی فه‌له‌ستینی سوریا جێده‌هێڵن

  • Margaret Basheer

قه‌یرانی سوریا وه‌نه‌بێت هه‌ر ته‌نها کاریگه‌ری کردبێته‌ سه‌ر ژیانی سوریاییه‌کان، له‌ سوریا نزیکه‌ی نیو ملیۆن په‌نابه‌ری فه‌له‌ستینی ده‌ژین به‌ڵام له‌گه‌ڵ زۆر بوون و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی توندوتیژیه‌کان له‌ سوریادا سه‌دان فه‌له‌ستینی ڕوویان کردۆته‌ لوبنان ، به‌و مانایه‌ی په‌نابه‌رانی فه‌له‌ستینی جارێکی تریش ئاواره‌ بوونه‌ته‌وه.
زۆرێک له‌ خێزانه‌ فه‌له‌ستینیه‌کانی چونه‌ته‌ لوبنان له‌ ئۆردوگای (شاتێلا) ن. ڕه‌جا هاشم یه‌کێکه‌ له‌وان و ده‌ڵێت ترسی له‌ پارێزراوی 5 مناڵه‌که‌ی هه‌بووه‌ له‌ دیمه‌شق و ده‌ڵێت دوای بۆردومان و تۆپباران و کوشتاره‌کان، په‌لی مناڵه‌کانم گرت و هاتمه‌ ئێره‌، چیی دی به‌رگه‌ی ئه‌م ڕه‌وشه‌ ناگرین.
پاش ئه‌وه‌ی له‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌کدا دراوسێیه‌کی ڕه‌جا کوژرا ئیدی بڕیاری جێهێشتنی دیمه‌شقی داو باسیش له‌وه‌ ده‌کات چۆن دراوسێکه‌ی وه‌ک ده‌ڵێت "پارچه‌ پارچه‌ بوو وه‌ وه‌ک ئه‌و خه‌ڵکه‌ی تر مرد. نازانم...ئێستا ده‌ڵێن دراوسێکان و ئامۆزاکانی هاوسه‌ره‌که‌میشیان کوشتون...هه‌ندێکیشیان بریندارن و هه‌ندێکیشیان کوژراون".
هودا سه‌مره‌، ده‌مڕاستی به‌شی بوژاندنه‌وه‌ و کاری نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانه‌ له‌ لوبنان و به‌ ده‌نگی ئه‌مریکای گووت له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی حه‌وته‌وه‌ زیاتر له‌ 3 هه‌زار فه‌له‌ستینی له‌ لوبنان خۆیان ناونوسکردووه‌ و ده‌شێت ژماره‌که‌ زۆرتریش بێت که‌ ده‌ستیان به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کاندا ڕانه‌گه‌یشتووه.‌
عومه‌ر، ته‌مه‌ن 25 ساڵه‌ و یه‌کێکه‌ له‌وانه‌ی خۆی ناونوسکردووه‌ سه‌باره‌ت به‌و یارمه‌تیانه‌ی ده‌درێن ده‌ڵێت کۆمه‌کێکی که‌میان ده‌کرێت ، خراپ نییه‌ و یارمه‌تیده‌ریشه بۆیان.
هودا سه‌مره‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ده‌ڵێت زۆر زه‌حمه‌ته‌ ئاواره‌ فه‌له‌ستینیه‌کان کار بدۆزنه‌وه‌ و ئه‌مه‌ش ڕه‌وشه‌که‌یان خراپتر ده‌کات و فه‌له‌ستینیه‌کانی به‌ دووجار ئاواره‌ بوو ناودێر ده‌کات.
زۆرێک له‌وانه‌ی ده‌گه‌نه‌ ئۆردوگاکه‌ له‌به‌ر زۆری ژماره‌یان له‌ یه‌ک ژووردا داده‌نرێن.
حکومه‌تی لوبنان مۆڵه‌تی نیشته‌جێبوونی یه‌ک مانگیان داوه‌ به‌ په‌نابه‌ره‌ ئاواره‌کان، به‌هۆی ئه‌وه‌ش که‌ که‌س نازانێت قه‌یرانی سوریا چه‌ندێک ده‌خایه‌نێت، په‌نابه‌ره‌ ئاواره‌کان نیگه‌رانییان هه‌یه‌ له‌وه‌ی شوێنی داڵده‌دانیان بۆ ماوه‌یه‌کی کاتی ده‌بێت.
XS
SM
MD
LG