Accessibility links

سه‌رهه‌ڵداوانی سوریا و به‌ڕێوه‌بردنی ناوچه‌ ئازادکراوه‌کان


له‌سه‌ر ڕێگاکان نرخی یه‌ک لیتر سوته‌مه‌نی به‌ دوو دۆلاره‌ و یه‌کێکه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ به‌ به‌هاکان که‌ له‌شکری ئازادی سوریا یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ دابینکردنی بۆ دانیشتوانی ناوچه‌که‌.
له‌شکری ئازادی سوریا کۆمیته‌ی هاوکاری خه‌ڵکی خۆجێی ڕێکده‌خات وه‌ک یارمه‌تیدانێک بۆ خه‌ڵک تا بتوانن له‌سه‌ر پێی خۆیان ڕابوه‌ستنه‌وه‌.
سه‌میر حاجی عومه‌ر پێشتر مامۆستا بووه‌ و ئێستاش سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی سیاسی له‌شکری ئازادی سوریایه‌ له‌ شارۆچکه‌ی عزاز، ده‌ڵێت هێشتاش که‌می هه‌یه‌ له‌ هه‌ندێک له‌ پێداویستیه‌کاندا وه‌ک شیری مناڵان و ده‌رمان ، به‌ڵام توانراوه‌ خزمه‌تگوزاریه‌ بنچینه‌ییه‌کان تا ئه‌ندازه‌یه‌ک دابین بکرێن.
سه‌میر ده‌ڵێت "ئه‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ی ئێمه‌ دابینیان ده‌که‌ین بریتین له‌ ئاوی خواردنه‌وه‌، ئه‌لکتریک، نان، خاوێنی شه‌قامه‌کان و هتد".
حکومه‌تی سوریا سه‌رهه‌ڵداوانی سوریای به‌ تێرۆریست ناودێر کردووه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوبردنی ته‌واوه‌تیشیان ده‌کات، به‌ڵام سه‌رهه‌ڵداوان ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ به‌ هێند وه‌رناگرن. له‌ شارۆچکه‌ی عزاز، وێڕای ئه‌و هێرشه‌ ئاسمانیه‌ی کرایه‌ سه‌ری که‌ به‌لانی که‌م 50 که‌سی تیادا کوژران، به‌ڵام بازاڕی سه‌ره‌کی بۆ ڕۆژی دوایی کرایه‌وه‌.
حه‌مدان کانو یه‌کێکه‌ له‌ دوکانداره‌کانی بازاڕه‌که‌ و ده‌ڵێت "ده‌مانه‌وێت دوکان و بازاڕه‌کان بکه‌ینه‌وه‌، چونکه‌ خه‌ڵک ده‌یانه‌وێت خوارده‌مه‌نی بکڕن، ژیانمان هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ فڕۆکه‌ش بۆردومانمان بکات، له‌ به‌شار ئه‌لئه‌سه‌د ناترسین".
هه‌ر له‌ خوار ئه‌م بازاڕه‌شه‌وه‌ نانه‌وایه‌ک دوکانه‌که‌ی خۆی کردۆته‌وه‌ و کێک و پسکیت و ئیشی هه‌ویر ده‌فرۆشێت و ته‌نانه‌ت ده‌رمانخانه‌کانیش کراونه‌ته‌وه‌ و ده‌رمان و که‌ره‌سته‌ی ته‌ندروستی بۆ نه‌خۆش و بۆ برینداره‌کانیش دابین ده‌که‌ن.
کاپتن ئه‌حمه‌د غازی سه‌رۆکی هێزی ئاسایشی له‌ عزاز ده‌ڵێت ئه‌فسه‌رانی خۆجێیی هێزه‌کان کار بۆ هێنانه‌ ئارای متمانه‌ ده‌که‌ن. وه‌ ده‌شڵێت "گه‌وره‌ترین سه‌ختی که‌ ڕووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه‌ دڵنیا کردنی ئه‌و خه‌ڵکه‌یه‌ که‌ بڕوای پێمانه‌ و هه‌روه‌هاش سه‌رو سه‌ودا کردن له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌م و کوڕیانه‌ی ڕووبه‌ڕووی خه‌ڵک ده‌بنه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌و قه‌یرانه‌ی تیایدا ده‌ژین".
به‌ڵام ئه‌نجامدانی یه‌ک هێرش ده‌شێت ببێته‌ مایه‌ی له‌ده‌ستدانی ده‌ستکه‌وته‌کانی سه‌رهه‌ڵداوان. نه‌خۆشخانه‌ی شارۆچکه‌که‌ چه‌ند ساڵێکی خایاند تا ته‌واو بوو وه‌لێ به‌هۆی شه‌ڕه‌کانه‌وه‌ له‌ چه‌ند ڕۆژێکدا خاپوور کرا.
ئێستا دانیشتوان ده‌بێت بچنه‌ ئه‌ودیوو سنور بۆ تورکیا بۆ به‌ده‌ستهێنانی چاره‌سه‌رکردنی ته‌ندروستی.
XS
SM
MD
LG