Accessibility links

توندوتیژیه‌کانی ئه‌مڕۆ پـێنجشه‌ممه‌ی عیراق


یاخیبوان له‌ عێراق ژماره‌یه‌ک هێرشیان له‌ ناوه‌ڕاست و باکوری وڵاته‌که‌دا کردووه‌ و ده‌یان که‌س کوژراون و ده‌یانی تریش بریندارن.
ئه‌م هێرشانه‌ به‌ مه‌به‌ستی بنکۆڵ کردنی ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی عێراقن.
یه‌کێک له‌ خوێناویترین هێرشه‌کانی ئه‌مڕۆ 5شه‌ممه‌ له‌ شارۆچکه‌ی داقوق بوو، کاتێک ئۆتۆمبێلێک له‌ نزیک باره‌گای سه‌رکردایه‌تی هێزی ئاسایشی خۆجێیی شارۆچکه‌که‌دا ده‌ته‌قێته‌وه‌.
له‌ ده‌مێکدا پۆلیس ده‌یانه‌‌وێت به‌ خێرایی بگه‌نه‌ شوێنی ڕووداوه‌که‌، بۆمبێکی لاڕێ ده‌ته‌قێته‌وه‌ و 7 پۆلیس ده‌کوژرێن و 35 پۆلیسیش بریندار ده‌بن.
له سه‌ره‌تای مانگی هه‌شته‌وه‌ تا ئێستا زیاتر له‌ 100 که‌س به‌هۆی توندوتیژیه‌کانه‌وه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری عێراقدا کوژراون و وه‌ک ئاژانسی ده‌نگ و باسی ئه‌سیۆشێتد پرێس ده‌ڵێت ئه‌مه‌ش نیشانه‌یه‌که‌ که‌ یاخیبوانی به‌ سه‌رکردایه‌تی لقی ئه‌لقاعیده‌ له‌ عێراق هێشتاش هێزیان له‌ وڵاته‌که‌دا ماوه‌.
هه‌ر ئه‌مڕۆ له‌ پارێزگای که‌رکوک بۆمبێک بۆ ئه‌فسه‌رێکی له‌شکری عێراق له‌ نزیک ماڵه‌که‌یه‌وه‌ دانرابووه‌وه‌ و وه‌ک ژه‌نه‌راڵ سه‌رحه‌د قادر به‌ ئاژانسی ده‌نگ و باسی ئه‌سیۆشێتد پرێسی گوتووه‌ ئه‌فسه‌ره‌که‌ له‌و هێرشه‌ ڕزگاری بووه‌، به‌ڵام برایه‌کی کوژراوه‌ و 6 که‌سی تری ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌ی بریندارن.
ئه‌م ڕووداوه‌ هاوکات بووه‌ له‌گه‌ڵ دوو ته‌قینه‌وه‌ی تری ناو شاری که‌رکوک که‌ به‌لانی که‌م 2 که‌سی تیادا کوژراون و ده‌یان که‌سیش بریندار بوون.
له‌ به‌غدای پایته‌ختیش له‌ ئاکامی ته‌قاندنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلێک له‌ گه‌ڕه‌کی حوسه‌ینییه‌ که‌ زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌که‌ی له‌ شیعه‌ ئاینزاکانن به‌لانی که‌م 7 که‌س کوژراون و 31 که‌سیش بریندارن.
له‌ شارۆچکه‌ی تاجی له‌ باکوری به‌غداش که‌ زۆرترایه‌تی تیایدا له‌ سوننه‌ ئاینزاکانن، ئۆتۆمبێلێک به‌ ده‌سته‌یه‌کی پۆلیسی چاودێریدا ده‌ته‌قێته‌وه‌ و دوو که‌سی سیڤیڵ ده‌کوژرێن و 7 که‌سی تریش له‌ پۆلیس و خه‌ڵکی سیڤیڵ بریندار ده‌بن.
تا ئاماده‌کردنی ئه‌م هه‌واڵه‌، هێشتا هیچ لایه‌نێک به‌رپرسێتی خۆی له‌و هێرشانه‌ ڕانه‌گه‌یاندووه‌، به‌ڵام شێوازی هێرشکردنه‌کان له‌و شێوازانه‌ ده‌چن که‌ ئه‌لقاعیده‌ له‌ په‌لاماره‌کانیدا به‌کاریان ده‌هێنێت.
سه‌باره‌ت به‌م هێرشانه‌ هه‌ردوو په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا له‌ که‌رکوک و به‌غدا ڕاپـۆرتیان ناردووه‌.

XS
SM
MD
LG