Accessibility links

ئێهود باراک: زۆر شت له‌سه‌ر به‌رنامه‌ ناوکیه‌که‌ی ئێران ڕوون و ئاشکرا نین


وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل ده‌ڵێت هه‌روادێ و سه‌خت تر ده‌بێت بۆ ده‌زگا موخابه‌راتیه‌کانی ته‌لئه‌ڤیڤ و هه‌روه‌ها واشنتۆنیش تا هه‌نگاوه‌کانی به‌رنامه‌ی ناوکی ئێران هه‌ڵبسه‌نگێنن و مه‌زه‌نده‌ی بکه‌ن.
ئێهود باراک، تێبینی خۆی داوه‌ له‌سه‌ر ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامه‌ی (حائارێتز) ی ئیسرائیلی که‌ تیایدا هاتووه‌ براک ئۆباما سه‌رۆکی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا زانیاری له‌ ده‌زگای نیشتیمانی مه‌زه‌نده‌کردنه‌ موخابه‌راتیه‌کانه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌ که‌ کۆماری ئیسلامی ئێران به‌ره‌وپێشچونی به‌رچاو و سه‌رسوڕهێنه‌ری هه‌یه‌ له‌ بواری پیشه‌سازی ناوکی له‌شکریدا.
وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل به‌ ڕادیۆی وڵاته‌که‌ی گوتووه‌، هێنده‌ی ئاگادار بێت زانیاریه‌کانی ئه‌و ڕاپۆرته‌ی ئه‌مریکا ڕوانینه‌کانی واشنتۆن زۆر له‌ دید و بۆچونه‌کانی ته‌لئه‌ڤیڤ نزیک ده‌کاته‌وه و وه‌هاش ده‌کات دۆسێی به‌رنامه‌ی ناوکی ئێران ببێته‌ دۆسێیه‌ک که‌ به‌ په‌له‌ چاره‌سه‌ری بۆ دابنرێت.
هاوکات ئێهود باراک ده‌شڵێت ئه‌و زانیاریانه‌ ئه‌وه‌ش نیشان ده‌ده‌ن که‌ هێشتا زۆر شت هه‌ن له‌سه‌ر به‌رنامه‌ ناوکیه‌ مشت و مڕ له‌سه‌ره‌که‌ی ‌ ئێران نایزانین و ڕوون نییه‌ له‌به‌ر چاومان.
ئیسرائیل ، ئێرانێکی خاوه‌ن توانایی ناوکی وه‌ک هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسی ده‌بینێت بۆسه‌ر مانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی جوله‌که‌ و له‌م نێوه‌نده‌شدا به‌رده‌وام بیر له‌ هێرشی به‌رایی ده‌کاته‌وه‌ بۆسه‌ر دامه‌زراوه‌ ناوکیه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران.
وڵاته‌ یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکاش لای خۆیه‌وه‌ گوتوویه‌تی سوره‌ له‌سه‌ر ڕاگرتنی ئێران له‌وه‌ی ببێته‌ خاوه‌ن چه‌کی ئه‌تۆمی، به‌ڵام داواشی له‌ ئیسرائیل کردووه‌ هێرشی تاکلایه‌نه‌ نه‌کاته‌ سه‌ر دامه‌زراوه‌ ناوکیه‌کانی ئێران و له‌ بری ئه‌وه‌ کاتی زیاتر بدات به‌و سزایانه‌ی سه‌پێندراونه‌ته‌ سه‌ر ئێران تا کاریگه‌ری خۆیان هه‌بێت.
XS
SM
MD
LG