Accessibility links

کۆماری ئیسلامی ئێران و ته‌نگه‌ی هورمز


په‌رله‌مانی کۆماری ئیسلامی ئێران تاووتوێی پڕۆژه‌ یاسای داخستنی ته‌نگه‌ی هورمز ده‌کات.
مه‌جلیسی شورای ئێران وه‌ک سه‌رچاوه‌کان ئاماژه‌ی پێده‌که‌ن له‌م مانگه‌دا ده‌ست ده‌کات به‌ وتووێژ کردن له‌سه‌ر به‌رنوسی یاسایه‌ک ،‌ تیایدا داوای داخستنی ته‌نگه‌ی هورمز ده‌کات ئه‌گه‌ر هاتوو تاران ڕووبه‌ڕووی هه‌ر هێرشێکی له‌شکری بووه‌وه‌ و یانیش گه‌ر به‌هۆی سزا ئابوریه‌کانی ڕۆژئاواوه کاریگه‌ری که‌وته‌ سه‌ر ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی ئێران.
په‌رله‌مانی ئێران، کۆنترۆڵێکی ته‌واوی نییه‌ به‌سه‌ر ئه‌و بڕیارانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ به‌رگری نیشتیمانی و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یی وڵاته‌که‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ وه‌ک شتێکی سیمبۆلی لێی ده‌ڕوانرێت، به‌ڵام ئاماژه‌یه‌کیشه‌ بۆ پشتیوانی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان له‌ ئێران بۆ هه‌ر بڕیارێکی سیاسی تایبه‌ت بێت به‌ داخستنی ته‌نگه‌ی هورمز.


ئاژانسی ده‌نگ و باسی (فارس) له‌ زاری (جه‌واد که‌ریمی قه‌دوسی)ه‌وه‌ ده‌ڵێت "به‌پێی ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ داخستنی ته‌نگه‌ی هورمز به‌رده‌وام ده‌بێت تا ئه‌و کاته‌ی ته‌واوی سزا سه‌پێندراوه‌کانی سه‌ر ئێران هه‌ڵده‌وه‌شێنرێنه‌وه‌".
له‌ سیسته‌می سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێراندا سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یی وڵاته‌که‌ و به‌رگری نیشتیمانی، له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئایه‌توڵا عه‌لی خامه‌نه‌ئی، ڕابه‌ری شۆڕشی ئیسلامی ئێران و پاسدارانی شۆڕشدان.
به‌رده‌وام ئێران هه‌ڕه‌شه‌ی داخستنی ته‌نگه‌ی هورمزی کردووه‌، وه‌ک وه‌ڵامێک بۆ ئه‌و سزایانه‌ی ڕۆژئاوا خستونیه‌ته‌ سه‌ر پیشه‌سازی نه‌وتی ئێران.
زۆرێک له‌ شیکه‌ره‌وه‌ له‌شکرییه‌کان گومانیان هه‌یه‌ له‌وه‌ی ئێران ته‌نگه‌ی هورمز دابخات، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌یه‌ی به‌ ڕێبه‌رایه‌تی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ده‌کرێت ئه‌گه‌ر هاتوو ئێران هه‌نگاویکی له‌و شێوه‌یه‌ی نا
هاوکات کۆمیته‌یه‌کی تری ناو په‌رله‌مانی ئێران به‌رنوسێکی په‌سه‌ند کردووه‌ و تیایدا داوا له‌ حکومه‌تی وڵاته‌که‌ ده‌کات تا ده‌ست بکات به‌ دروستکردنی که‌شتی بازرگانی که‌ به‌ وزه‌ی ناوکی کاربکات و داواش له‌ حکومه‌ت کراوه‌ سوته‌مه‌نی ناوکی بۆ ئه‌و که‌شتیانه‌ دابین بکات.
وه‌ک ئاژانسی ده‌نگ و باسی ئه‌سیۆشێتد پرێس له‌ هه‌واڵه‌که‌یدا ده‌ڵێت پێده‌چێت په‌سه‌ندکردنی ئه‌م به‌رنوسه‌ ئاماژه‌یه‌کی سیمبۆڵی بێت بۆ پشتیوانی له‌ جه‌ختکردنه‌وه‌کانی تاران که‌ به‌رنامه‌ ناوکیه‌که‌ی بۆ مه‌به‌ستی ئاشتیانه‌یه‌.
ئاژانسی نیمچه‌ فه‌رمی (میهر) له‌ زاری موحه‌مه‌د به‌یاتیان ئه‌ندامی مه‌جلیسی شورای ئێرانه‌وه‌ ده‌ڵێت گوتویه‌تی"سزاکان ئێرانی ناچار کردووه‌ تا جۆری تری سوته‌مه‌نی به‌کاربهێنێت بۆ که‌شتیه‌ بارهه‌ڵگره‌کانی نه‌وتی ئێران و هه‌روه‌ها که‌شتیه‌ گه‌وره‌کانی تریش، بۆ ئه‌وه‌ی پێو‌یستیان به‌ پڕکردنه‌وه‌ی سوته‌مه‌نی نه‌بێت له‌ کاتێکدا گه‌شتی درێژخایه‌ن ده‌که‌ن".
ڕۆژئاوا گومانی هه‌یه‌ له‌وه‌ی ئێران به‌ نهێنی خه‌ریکی دروستکردنی چه‌کی ناوکی بێت و هه‌رچی تارانیشه‌ پێداده‌گریت که‌ به‌رنامه‌ ناوکیه‌که‌ی ته‌نها بۆ مه‌به‌ستی ئاشتیانه‌یه‌.
XS
SM
MD
LG