Accessibility links

ئه‌رشه‌د زێباری بۆ موسڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌


دواى 9 ساڵ لە جێهێشتنى عێراق و مانەوەى لە وڵاتى ئوردن ئەرشەد زێبارى وەزیرى پێشوو و کەسایەتى دیارى سەردەمى حکومەتى سەدام حسێن گەڕایەوە شارى موسڵ.
لە ڕێوڕەسمى گەڕانەوەیدا سەدان لە لایەنگرانى و کەس و کارى وپـیاوانى عەشیرەتەکەى پـێشوازیان لێکرد.
دڵشاد زێبارى برازاى ئەرشەد زێبارى لە بارەى گەڕانەوەى مامى بۆ دەنگى ئەمه‌ریکا دەڵێت ئامانج لە گەڕانەوەى ڕێکخستنەوەى ناو ماڵى پارتەکەى و ئەندامانێتى. هەروەها بۆ بەشداریکردنیشە لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق.
پـێش و دواى گەڕانەوەشى زۆرێک لە رۆژنامە و ماڵپه‌ڕه‌کان باسیان لەوە دەکرد کەوا ئەرشەد زێبارى لە سەر داواى نورى مالیکى سەرۆک وەزیرانى عێراق گەڕاوەتەوە، ئەوەش بە ئامانجى دژایەتیکردنى دەسەڵاتدارانى هەرێمى کوردستان.
ئەرکان زێبارى ئەندامى پەرلەمانى عێراق و کوڕى ئەرشەد زێبارى لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگى ئەمه‌ریکا ئەوەى نەشاردەوە کەوا باوکى لەسەر داوا و بە ڕەزامەندى نورى مالیکى گەڕابێتەوە، بەڵام ڕەتیکردەوە کەوا بۆ دژایەتیکردنى کورد بێـت.
شایەنى باسە ئەرشەد زێبارى سەرۆکى پارتى ئازادى و دادى کوردستانى عێراقە، لە حکومەتى سەردەمى سەدام حسێن چەند جارێک پۆستى وەزیرى هەبوو، بەڵام دواى ڕووخاندنى ڕژێمەکەى سەدام حسێن، زێبارى عێراقى جێهێشت و لە عەممانى پایتەختى ئوردن نیشتەجێ بووبوو.
please wait

No media source currently available

0:00 0:00:00 0:00
Direct link
XS
SM
MD
LG